کارتی بایۆمەترییان لایە
تیمێکی کۆمسیۆن چوونە شارەوانی تەوێڵە
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی تەوێڵە دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.7.2024، تیمێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە شارەوانی دەبن، “ئەگەر کارتی بایۆمەتری تان دەرهێناوە، دەتوانن بچن لە تیمەکەی وەربگرنەوە”
لە ئـاگاداری نامەیەکدا، کە وێنەیەکی بە دەست 964 گەیشتووە، شارەوانی تەوێڵە دەڵێت، “ئاگاداری دانیشتووانی شارۆچکەی تەوێڵە دەکەین، ئەمڕۆ پێنجشەممە ستافی کارمەندانی کۆمسیۆن لە بینای سەرۆکایەتی شارەوانی تەوێڵە ئامادە دەبن، بەمەبەستی دابەشكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان”.
تەوێڵە لە رووی ئیداری سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەڵام هەڵەبجە تائێستا بەهۆی دەرنەچواندنی یاساکەی لە پەرلەمانی عێراق و نەناساندنی وەک 19یەمین پارێزگای عێراق، تائێستا فەرمانگەی کۆمسیۆنی تێدا نەکراوەتەوە، بەڵکو فەرمانگەی سلێمانی تیمی گەڕۆکی دابین کردووە.
راپۆرتی کۆتا ھەفتەی پرۆسەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەریخست، ئۆفیسی ھەڵبژاردنەکانی سلێمانی پلەی یەکەمە لە ریزبەندی ھەموو پارێزگاکانی عێراق؛ لەرووی دابەشکردنی زۆرترین ژمارەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان، کە بریتی بووە لە هەشت هەزار و 298 کارت لە ماوەی ھەفتەیەکدا.
ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لەرێگەی 79 ناوەندی تۆماری سەر بە ئۆفیسەکە، کە لە ھەموو شارو شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بوونیان ھەیە، رۆژانە لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تا کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەرۆ لە ئەرکدان بۆ پێدانەوەی کارتی دەنگدان.