یەکێک لە دەنگدەران کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە _ وێنە: کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان/ سلێمانی
هەولێر زۆرترین کەس بایۆمەتریان کردووە
کۆمیسیۆن: پەلە بکەن تەنیا سبەی دەتوانین بایۆمەتری بکەین
ئەحمەد مستەفا
سبەی یەکشەممە 2.6.2024، کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لە بایۆمەتری، ئەمە سێیەمین جارە کۆمیسیۆن بۆ دەنگدانی چاوەڕوانکراوی پەرلەمانی کوردستان ماوەکانی تۆمارکردن درێژ دەکاتەوە.
تائێستا لە هەولێر زۆرترین و لە دهۆک کەمترین کەس، سەردانین بنکەکانی تۆمار و ئۆفیسی کۆمیسیۆنیان کردووە بۆ خۆ تۆمارکردن.
لە دووشەممەوە ناتوانین داتای بایۆمەتری تۆمار بکەین
بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی نووسینگەی جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، کە ئەمڕۆ شەممە 1.6.2024 وێنەیەکی گەیشتووە بە 964 ئاماژە بەوەکراوە، “لەدوای 2.6.2024- ەوە، چیتر ناتوانن داتای بایۆمەتری تۆمار بکەن”.
هەولێر زۆرترین و دهۆک کەمترینە
ئەوەشخراوەتەڕوو، “دەنگدەرانی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، بۆ تۆمارکردنی داتا بایۆمەترییەکانیان دەبێت پەلە بکەن لە سەردانیكردنی نزیكترین بنکەی تۆمارکردن لە شوێنی نیشتەجێبوونتان، ئەوەش بۆ مسۆگەركردنی بەشدارییانە لە هەڵبژاردنی 2024-ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق”.
لە دوایین داتا تۆمارکراوەکانی هەفتە، لە هەولێر 628 کەس، لە سلێمانی 700 کەس و لە دهۆک 335 کەس ناویان لە تۆماری نوێی بایۆمەتری تۆمارکردووە، بەڵام سەرجەمی ئۆفیسی پارێزگاکان تا بەرواری 23.5.2024 بەمجۆرە بووە لە ماوەی سێ وادەی رابردووی تۆماری بایۆمەتریدا:
ئۆفیسی پارێزگای هەولێر: حەوت هەزار و 162 کەس
ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی: پێنج هەزار و 874 کەس
ئۆفیسی پارێزگای دهۆک: چوار هەزار و 610 کەس
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 4ی حوزەیرانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشنیار کردووە، چاوەڕێیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەیەک بچەسپێنێت بۆ رۆژی ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.