بێ داکۆکیکارن

رۆژنامەنووسانی خورماتوو “بێکەس” و “بێ زانیاری” ماونەتەوە

964+

سیروان خورشید – خورماتوو

لە خورماتوو رۆژنامەنووسان لە نێوان “پەلاماری هێزە ئەمنییەکان” و “بێدەنگیی بەرپرسان”، رۆژانێکی سەخت بۆ دەستخستنی زانیاری و ئازادی کارکردن تێدەپەڕێنن، نەبوونی رێکخراوێکی پاڵپشتی بۆ کارەکانیان هێندەی دیکە کارەکانی لە بەردەم قورس کردوون.

​لە سۆراغی 964، ئەو رۆژنامەنووسانەی لە قەزاکە کاردەکەن وتیان، نەبوونی لایەنێکی داکۆکیکار لەکاتی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی یاسایی یان دەستگیرکردنێکدا، رۆژنامەنووسان هەست بە بێکەسی و تەنیاییەکی قووڵ دەکەن، چونکە هیچ دامەزراوەیەک نییە بەرگرییان لێ بکات و مافەکانیان بپارێزێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26.4.2026، ​محەمەد بەهجەت، رۆژنامەنووس و پەیامنێرێکی مەیدانیە لە خورماتوو بۆ 964 دەڵێت، ئێمە لێرە لەناو ژینگەیەکی تەواو مەترسیدا ململانێ دەکەین، لەبری ئەوەی یاسا چەترێکی پارێزەرمان بێت، هێزە ئەمنییەکان دەبنە سەرچاوەی ئاستەنگی و چەندین جار کەرەستە و کامێراکانمان شکێنراوە.

​تەنها مەترسییە ئەمنییەکان گرفت نین، بەڵکو وەرگرتنی زانیاری کە سەرەتاییترین مافی رۆژنامەنووسە، لە خورماتوو بووەتە زەحمەت بووە و هەندێکیان بە خەون ناوی دەبەن، کاروان حەبیب، رۆژنامەنووس و چالاکوان بۆ 964 ئاماژە بەوە دەکات، کە هیچ فەرمانگەیەک ئامادە نییە زانیاری بدات، ئەو دەڵێت،” گەورەترین کێشە بێدەنگیی بەرپرسانە، داواکارین چیتر رۆژنامەنووس نەبنە قوربانیی ململانێکان”.

​لە بەرامبەر ئەم رەخنانەدا، بەدر فەحل، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو پەردە لەسەر هۆکاری بێدەنگییەکە لادەبات ئەو بۆ 964 ئاشکرای کرد، بە نووسراوی فەرمی لە لایەنە باڵاکانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ناتوانن هیچ لێدوانێک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدەن، ​ئەم بڕیارانە وایکردووە، رۆژنامەنووسان لە مافی دەستکەوتنی زانیاری بێبەش بن و فەرمانگە حکومییەکان دەرگا بەڕووی راگەیاندندا دابخەن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ئامادەیی خۆی نیشداندا، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیانەوێت لەگەڵ رۆژنامەنووسان کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ئاسانکاری بۆ ئەرکەکانیان، لەگەڵ ئەوەی هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی، رۆژنامەگەری لە خورماتوو چاوەڕوانی هەنگاوی جددییە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام، تا بتوانرێ دوور لە فشار و ترس، ئەرکە پیشەییەکانیان بۆ گەیاندنی راستی بە هاوڵاتییان جێبەجێ بکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دیمەنەکان کاتی کارکردنی بەشێک لە رۆژنامەنووسانی قەزاکەیە؛