دۆخی جەنگ هۆکارە
وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارێک پڕۆسەی “هەڵسەنگاندنی مامۆستایان”ی راگرت
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا پڕۆسەی “هەڵسەنگاندنی مامۆستایان” بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026، رابگیرێت، هۆكارەكەشی بۆ دۆخی ناوچەكە و دواکەوتنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە وەرزی دووەمدا گەڕاندوەتەوە.
بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە رۆژی 23.4.2026 دەرچووە و واژۆی یەحیا رەزا گوڵ، بەڕێوەبەری گشتی راهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی لەسەرە، باس لەوەدەکات بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی ناوچەکە، کە کاریگەری هەبو لەسەر رۆژانی دەوامکردن لە ناوەندەکانی خوێندن لە وەرزی دووەم، پڕۆسەی “هەڵسەنگاندنی مامۆستایان” بۆ ئەمساڵ هەڵپەسێردرا.
هەر بەپێی نوسراوەكە، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان لەبەر کەمی کات نەتوانرێت بەپێی پێویست تەواو بکرێت، بۆیە بڕیاریاندا بە هەڵپەساردنی ئەو پرۆسەیە لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
ئەم بڕیارەی وەزارەت لەكاتێكدایە لەدوای دەسپێكردنی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28.2.2026، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم بڕیاریاندا بە راگرتنی خوێندن و پشوو لە 1.3.2026 ، دواتر لە 8.3.2026 جارێكی دیكە پشووەكە درێژكرایەوە و لە 29.3.2026 یش بڕیاری دەسپێكردنەوەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین درا.
رۆژی 10.402026 هەردو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریاندا كە خوێندنی ناو پۆل و کەمپەسەکان سەر بە هەردوو وەزارەتن دەسپێبكەنەوە.