ساتی دانانی چەند ستونێکی کارەبا لە سنووری هەولێر - فۆتۆ: ئەرشیفی کارەبای هەولێر
سێ وێستگەی کارەبا دادەنرێن
تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هەموو پارێزگای هەولێر بە کارەبای 24 کاتژمێری رووناک دەبێتەوە
964+
شۆڕش قادری
سێ وێستگەی کارەبا لەناو شاری هەولێر دادەنێرێن و تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵیش هەموو پارێزگاکە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەڵدەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.4.2026 بەسەرپەرشتی کەمال محەمەد وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە دانانی سێ وێستگەی ( 132 ) کەی ڤی کارەبا لە گەڕەکەکانی ( 8ی حەسارۆكان، ناوچەی پیشەسازیی تیمار، ناحیەی شەمامک) بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش بەشداربوون.
پڕۆژەی دانانی ئەو سێ وێستگەیە بە گوژمەی نزیكەی 100 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا رایگەیاندووە، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەبێتەهۆی جێگیربوونی ڤۆڵتیە و کەمکردنەوەی ئەو گوشارە زۆرەی لە ئێستادا لەسەر فیدەرەکانی ناوچەکاندا هەیە، ئەوەش خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی سنوورەکان و کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە سنووری هەولێر دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا مانگی 6ـی ئەمساڵ کارەکانی پڕۆژەی رووناکی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەگاتە كۆتایی و هیچ شوێنێك نامێنێت کە کارەبای 24 کاتژمێری نیشتمانی پێنەگەیشتبێت.