نرخی دار هێندەی نەوت بەرزبووەتەوە
964+
مەریەم ئەحمەد
لەگەڵ ئەوەی لە ساڵانی رابردوو بەکارهێنانی زۆپای دار کەمیکردبوو، بەڵام لە ئەمساڵدا بەهۆی دابەشنەکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان بەگوێرەی پێویست و کەمبوونەوەی کارەبا، بەشێک لە خەڵکی گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە زۆپایە، نرخی داریش هێندەی نەوت بەرزبووەتەوە.
سەرهەنگ ئەحمەد، دارفرۆشە لە بازاڕی شاری هەولێر بە 964+ی وت “لەگەڵ دابەشنەكردنی نەوتی سپی ماڵان، ئێستا خەڵك بە زۆری رووی لە چیاكان كردووە یان سەردانی گوندەكان دەكەن بۆ دەستكەوتنی دار بۆ گەرمكردنەوەی زستانی ئەمساڵ، بەڵام لەبەر زۆری داواكاری بەراورد بە پار 40 هەزار دینار گرانتر بووە، پار یەك پیكاپ دار بە 180 هەزار دینار بووە، بەڵام ئەمساڵ بە 220 هەزار دینارە، هۆكارەكەش بۆ نەبوونی نەوت و زۆری خواستی هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە”.
دارفرۆشەكە ئاماژەی بەوەشكرد، تەنیا دار بیاو و گوێز و سپیندار دەتوانرێت لە بازاڕەكان كڕین و فرۆشتنی پێبكرێت، دارەكانی تر قەدەغەكراون، ئەم سێ جۆرە دارەش كەمە لە هەولێر بۆیە وا بەشێوەیەكی بەرچاو نرخەكەی بەرزبووەتەوە.
ئیبراهیم حاجی، زۆپافرۆشە لە بازاڕی هەولێر و بە تۆڕی 964ی وت “بەراورد بە پار زۆپای دار خواستی لەسەر زیاترە بە تایبەت لە ناوچە شاوخاوییەكان، لە ئێستادا ناوشاریش خواستی لەسەر زیادبووە، ئەمەش بۆ نەبوونی سوتەمەنی پێویست دەگەڕێتەوە”.
تۆڕی 964+ دەزانێت، نرخی زۆپایەکی ئاسایی دار بەراورد بە پار لە 40 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 70 هەزار دینار.
زۆپافرۆشەکە وتی، ئەگەر پار 100 زۆپای داریان فرۆشتبێت، ئەوا ئەمساڵ 150یان فرۆشتووە.