خاوەنەکەی چی دەڵێت؟

پێنجوێن پاسێكی هێڵى گشتى هه‌بوو ئه‌ویش نه‌ما

964+
کامیار کەمال – پێنجوێن

له‌ سه‌نته‌رى قه‌زاى پێنجوێن دواى 24 ساڵ له‌نه‌مانى هێڵى گشتى بۆ گواستنه‌وه‌ى هاوڵاتیان، تاكه‌ پاسێك ئه‌و كاره‌ى ده‌كرد، ئه‌ویش وه‌ك خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌ڵێت، نزیكه‌ى مانگێك كارى كردووه‌ و ئێستاش پاسه‌كه‌ی فرۆشتووه‌، فەرمانگەی گواستنەوەش دڵخۆشبوون به‌ كارابوونى ئه‌م هێڵه‌ به‌ڵام ده‌ڵێت، ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پاسه‌كه‌ نه‌ماوه‌.
لە رۆژی 11.6.2024 بە فەرمی هێڵی گواستنەوەی گشتی لە پێنجوێن کاراکرایه‌وه‌ و گەنجێکی دانیشتووی پێنجوێن دەستی بە کارەکەی کرد وەک یەکەم شۆفێری پاس.
زانیار عەزیز، گه‌نجه‌كه‌ى پێنجوێنه‌ كه‌ پاسه‌كه‌ی وەک هێڵى گشتى بەکارهێناوه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت، بەهۆی تەقاندنی تایەكانى بە چەقۆ، دەستبەرداری کارەکەی بووه‌.
وتیشی “حه‌زم نه‌كردووه‌ کێشە دروست بێت و گەورەتر بێت لە بری هەر شتێک دەستبەرداری کارەکەم بووم”.
زانیار، ناوى هیچ كه‌سێك ناهێنێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردبێت، لەبەر ئەوە سکاڵای تۆمارنەکردووە، لەبری ئەوە پێی باشتر بووه‌ پاسەکەی له‌و هێڵه‌ نه‌هێڵێ و دوای ماوەیەکیش به‌سه‌ر ته‌قاندنى تایه‌كانى پاسەکەی فرۆشتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی لە کارەکەی ئەوەبووە سیمایەکی شارستانی بدات بە پێنجوێن لەبەر ئەوەی هیچ هێڵێکی گواستنەوەی گشتی لە پێنجوێن نییە و ئەوەشی بەکاردێت تەنیا ئۆتۆمبێلی تایبەتە.
رێبوار عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، لە دوای ساڵانی 2000ـەوە لە پێنجوێن ئەوە یەکەمجار بوو پاس بێتەوە ناو قەزاکە و بە فەرمی وەک هێڵی گواستنەوەی گشتی دەستبەکار ببێت.
وتیشی “خاوەن پاسەکە هیچی پێنەوتووین له‌ باره‌ى نه‌مانى پاسه‌كه‌ى، پێشتریش لیژنەی تایبەت بە سەرۆکایەتی قایمقامی قەزای پێنجوێن پێکهێنرابوو بۆ ئەوەی شێوازی کارکردنی بۆ دیاری بکەن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، کاتێک ئەو گەنجە هاتووە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی تەواو بکات تا هێڵی فەرمی پاس وەربگرێت بۆ ناو پێنجوێن، زۆر دڵخۆشبوون بەو بابەتە و بە تەواوی پاڵپشتی گەنجەکەیان کردووە و هانیان داوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئێستاش کە دەستبەرداری کارەکەی بووە و هیچ سکاڵایەکی نەبووە هیچیان پێناکرێت.
لای خۆیه‌وه‌، نەقیب سامان سابیر ئەفسەری بنکەی پۆلیسی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، خاوەن پاسەکە هیچ سکاڵایەکی لەسەر ئەو بابەتە لای ئەوان تۆمار نەکردووە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شەقامە سەرەکییەکانى پێنجوێن و ناڵپارێز قیر دەکرێن

شەقامە سەرەکییەکانى پێنجوێن و ناڵپارێز قیر دەکرێن