دەڵێن، "لە یەکەمەوە کردوویەتی بە دووەم"
بۆ دوو نمرەی قوتابییەک پەروەردەی سۆران لیژنەی بەدواداچوونی دروستکرد
964+
ئەحمەد مستەفا
خانەوادەی قوتابییەکی پۆلی سێی بنەڕەتی، گومانیان لە نمرەی وانەی هونەری قوتابییەکەیان هەیە، نیگەران بوون تا ئەو رادەی پەروەردەی سۆران بە فەڕمی لیژنەی بەدواداچوونی پێکهێنا.
قوتابییەکە ناوی شیا محەمەدە، لە قوتابخانەی رەزانی بنەڕەتی کوڕان و لە پەروەردەی رواندز، ئەمساڵ دەرچووە بۆ قۆناغی چوارەمی بنەڕەتی.
لە هەموو وانەکان نمرەی تەواوی بەدەستهێناوە و لە هونەری دوو نمرەی کەمە
ئەو لە سەرجەم وانەکانی (ئاین، کوردی، ئینگلیزی، بیرکاری، زانست، کۆمەڵایەتی و وەرزش) نمرەی تەواوی هێناوە و 100 لە سەدن، بەڵام لە وانەی هونەر 98ی هێناوە.
بە گوێرەی سۆراغی 964، کەمی ئەو دوو نمرەیە وایکردووە قوتابییەکە لە ریزبەندی یەکەم بۆ ریزبەندی دووەمی پۆلەکەی داببەزێت، بەڵام روون نییە و ساغنەبووەتەوە هۆکارەکە چییە، ئەوەش نیگەرانی لەلای قوتابییەکە و خانەوادەکەی دروستکردووە و کەوتووەتە دەمی خەڵک و سۆشیال میدیاش.
لە دوو هەڵسەنگاندنی وەرزی یەکەم و دووەم نمرەکانی کەمیکردووە
بەگوێرەی بەڵگەنامەی دەرچوونەکەی (کارت) بێت، قوتابییەکە لە وەرزی یەکەم و لە هەڵسەنگاندنی سێیەم، لە 25 نمرە 23 نمرەی بەدەستهێناوە و تێکڕای نمرەکەی 97 بووە، لە وەرزی دووەمیش لە هەڵسەنگاندنی چوارەم لە 25 نمرە 24 نمرەی بەدەستهێناوە و تێکڕای نمرەکەی بووە بە 99 نمرە، کاتێکیش نمرەی کۆتایی هەردوو وەرزەکەی بۆ گەڕاوەتەوە بە 98 لە 100 دەرچووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.5.2024، ئەکرا ئیشا کیو، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان لە پەروەردەی گشتی سۆران بە 964ی وت، “لەلایەن قوتابییەکە و خانەوادەکەی نیگەرانی هەبووە و تێبینیان هەیە لەسەر ئەوەی تەنیا بۆ لە وانەی هونەردا، کۆی نمرەکانی بەدەستنەهێناوە”.
پەروەردەی سۆران دەیەوێت نیگەرانی قوتابی و خانەوادەکەی بڕەوێنێتەوە
بە قسەی بەڕێوەبەری ئەزموونەکان، “بۆ ئەوەی گومانی خانەوادەکە یەکلاببێتەوە، پەروەردەی سۆران لیژنەیەکی تەکنیکی و زانستی بۆ بەدواداچوون پێکهێناوە و لە قوتابخانە و مامۆستای هونەری قوتابییەکە بەدواداچوون دەکەن، تا بزانن نمرەی هەڵسەنگاندنەکان پێوەرەکانی چی بوون”.
لەبارەی رێکارەکانیان ئەو بەڕێوەبەری ئەزموونەکان وتی، “ئەوەی هەیە گومانە، هەرکات لیژنەکە گەیشتن بەوەی پێچەوانەی بنەما زانستییەکان مامەڵە کراوە، بەپێی رێنماییەکان پەروەردەی رێکاری خۆی دەگرێتەبەر، ئەگەریش مامەڵەکە زانستی بوو بێت، گومانی خێزانەکە دەڕەوێنێتەوە”.
نوسراوی بەدواداچوون و کارتی قوتابییەکە؛