قالیباف لە کوێیە؟

وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە پاکستان

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

میدیای پاکستان رایانگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی گەیشتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، بڕیارە سبەی شاندی ئەمریکاش بگەن.

کەمێک پێش ئێستا میدیای پاکستان و میدیا جیهانییەکانیش بڵاویانکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە پاکستان، کە پێشتر خۆی رایگەیاندبوو چەند گەشتێکی هەیە بۆ پاکستان و عومان و رووسیا.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی کە لە سوپای پاسداران نزیکە، نووسیویەتی، عەراقچی هیچ دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکییەکان نابێ.

ئاژانسەکە دەڵێت، ئەوەی ماڵپەڕی ئێکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە سەبارەت بە دانوستان، راست نییە و هەروەها سەبارەت بە خۆکێشانەوەی محەمەد باقر قالیباف لە سەرۆکایەتی تیمی دانوستکاری ئێران، درۆیە.

لای خۆیەوە تەلەڤزیۆنی CNNی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە گواستییەوە، سبەی ستیڤ ویتکۆڤ و جارید کۆشنەر، تیمی دانوستکاری ئەمریکا بەرەو پاکستان بەڕێدەکەون بۆ ئەنجامدانی دانوستان.

هەروەها دەڵێت، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس لە ئامادەباشیدا دەبێت رووبکاتە پاکستان، هەر کاتێک دانوستانەکان پێشکەوتنیان بەخۆیەوەبینی

هاوکات کەمێک پێش ئێستا نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی ئێران بڵاویکردەوە، قالیباف لە سەرۆکایەتی شاندی دانوستکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا، دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە.

هەوڵەکان چڕوپڕن بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت و رێککەوتنی ئاشتی بکرێت.