نابێت جگەرە بکێشێت

رێنمایی بە خاوەن دەڕاسەکانی کۆیە دەدرێت

پێشەوا محەمەد

بەرگری شارستانی کۆیە رێنمایی دەداتە دەڕاسەکان، کە لە کاتی دروێنەدا پابەندی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی بن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە.

بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە، پێویستە هەموو دەڕاسەیەک ئاگرکوژێنەوەی پێبێت، تانکەری ئاوی لەگەڵدا بێت و لە کاتی کارکردنیشدا شۆفێرەکەی جگەرە نەکێشێت.

گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، رێنماییەکە بە سەرجەم خاوەن دەڕاسەکان دراوە پابەندی ئەو رێنماییانەی بەرگری شارستانی بن لە کاتی دروێنەی گەنمدا.

وتیشی “ئەگەر حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە رووبدات ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین و دەربکەوێت شۆفێری دەڕاسەکە هۆکار بووە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکەین”.

ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکات، ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 دۆنم گەنم و جۆ لە سنووری بەرگری شارستانی کۆیەدا سووتاوە.

گۆران ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، هەموو تیمەکانیان ئامادەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، کە لە دەغڵودانی جوتیاران دروست ببێت.