بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی:
ئەو هاوڵاتیانەی 10 هەزار دینار زیادەیان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت داوە قورسە قەرەبوو بکرێنەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ـی رایگەیاند، ئەو پارە زیادەیەی رۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هاوڵاتیان وەرگیراوە بووەتە موڵکی دەوڵەت و قەرەبووکردنەوەی قورسە.
عەمید سالار عەبدوڵا بە 964ـی راگەیاند، “رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە 64 بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو بڕە پارەیە وەرگیراوە و ئێستا بووەتە موڵکی دەوڵەت، رەنگە بە هەزاران کەس 101 هەزار دیناریان بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت لێوەرگیرابێت.”
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی وتیشی: بە بۆچوونی من دانەوەی ئەو 10 هەزار زیادەیە قورسە و بووەتە داهاتی دەوڵەت، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی ناوخۆی عێراقی پێویستە و بابەتەکە زۆر قورسە مەگەر پەرلەمانتاران دۆسیەکە بجوڵێنن.
دوێنێ پێنجشەممە 15.10.2026 بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڕی 101 هەزار دیناریان لە هاوڵاتیان وەرگرت لەبەرامبەر نوێکردنەوە یان دەرهێنانی پاسپۆرت و رایانگەیاند، بە نوسراو ئاگادارکراونەتەوە لە 91 هەزار دینارەوە بکرێت بە 101 هەزار دینار.
بەڵام درەنگانی شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و هەر 91 هەزار دینارە.
هەر ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت گەڕایەوە نرخی پێشووی، واتە لە 101 هەزار دینارەوە بووەتەوە بە 91 هەزار دینار.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا