"بە ئارەزوو"

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى پێنجوێن: نەبوونى پشکنینى چاو پەیوەندى بە رۆژنامەنووسانەوە نییە

964+

کامیار کەمال –  پێنجوێن

دەوترێت بەهۆی گواستنەوەی پزیشکی پسپۆڕی چاو لە نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن، ماوەی سێ هەفتەیە پشکنینی چاو وەستاوە و گرفتى بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکەش دەڵێت،”هەر بە ئارەزوو”، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندى بە رۆژنامەنووسانەوە نییە.

سەرچاوەیەکی تەندروستى قەزاى پێنجوێن بە 964ـى وت، سێ هەفتە لەمەوبەر پزیشکی پسپۆڕی چاو فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەرچووە و لەو کاتەوە پشکنینی چاو لە نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن ئەنجام نەدراوە.

لەسەر ئەو بابەتە، پەیامنێرى 964 پەیوەندى بە دکتۆر نەشمیل فازڵ، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى پێنجوێن کرد، بەڵام ئەو وێڕاى ئەوەى ئامادە نەبوو لەسەر ئەو بابەتە زانیارى بدات، ئەوەشى وت،”ئەو بابەتە هیچ پەیوەندى بە پەیامنێرانەوە نییە، پەیوەندى بە خۆمانەوە هەبێت یان نەبێت”.

وتیشى،”ئەو پێنجوینە شەقوشڕە جادەى تێدا نییە، بچن بەدواداچوون بۆ ئەوە بکەن، چونکە پشکنینى چاو هیچ پەیوەندى بە ئێوەوە نییە، هەفتەیەک هەبێت یان نەبێت”.

لەسەر هەمان بابەت، 964 لە ئۆفێسەوە پەیوەندى لەگەڵ دکتۆر نەشمیل فازڵ بەست، ئەوەش بە ئامانجى دەستکەوتنى زانیارى لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام تاکە قسەى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى پێنجوێن ئەوە بوو،”هیچ زانیارییەک نادەم هەر بە ئارەزوو”.

بەهۆی راگیرانى پشکنینى چاو لە پێنجوێن، دانیشتووانەکەى ئەوانەى پێویستیان بە پشکنینى چاوە، ناچارن رێگایەکى دوور ببڕن و بچنە سەیدسادق تا لەوێ پشکنین ئەنجام بدەن.

پێشتر پشکنینی چاو هەفتەی یەکجار و لە رۆژی دووشەممەدا لە نەخۆشخانەى گشتیى پێنجوێن ئەنجام دەدرا، زۆرترینى ئەو کەسانەش روویان لێدەکرد، کە سەرقاڵى دەرهێنان یان نوێکردنەوەى مۆڵەتى شۆفێری بوون.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

خۆپیشاندان لە پێنجوێن دەستیپێکردەوە

خۆپیشاندان لە پێنجوێن دەستیپێکردەوە