"بەلەمەکەی قڵپ بووەوە"
راوچییەک لە کاتی راوە ماسی لە دەریاچەی حەمرین خنکا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە دەریاچەی حەمرین گەنجێک لەکاتی راوەماسیدا بەلەمەکەی وەرگەڕا و گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 5،6،2026 لەو دەریاچەیە کە دەکەوێتە ناوچەی بەنی وەیس، سەر رێگای گشتی کەرکوک بۆ بەغدا لە سنووری پارێزگای دیالە روویداوە.
محەمەد جاسم ئێشکگری نەخۆشحانەی دیالە، بە 964ـی راگەیاند، تەرمی گەنجەکە دوای دەرهێنانی گەیەندرایە پزیشکی داد بۆ ئەنجامدانی توێکاری و ڕێکارە یاساییەکان، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە هۆکاری مردنەکەی خنکان بووە بەهۆی کەوتنە ژێر ئاوەوە.
وتیشی، گەنجەکە ناوی “ئەیهاب عادل”ـە و تەمەنی 17ساڵە و پیشەی راوە ماسی بووە، ئێواری ئەمڕۆ لەکاتی راوکردندا، بەلەمەکەی، قڵپ بووەتەوە و کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە”.
پێداچوونەوە: شانیا بێستون