چیرۆکەکەى دەگێڕێتەوە

باوکی یەکێک لە گەنجەکانی خورماتوو: نامەکە پێی وتم کوڕەکەت کوژراوە

964+
سیروان ساڵح- خورماتوو

مەحمود عەباس، باوکی یەکێک لەو شەش گەنجەی خورماتوو کە شەوی رابردوو دەنگۆی کوژرانیان بڵاوبووەوە، چیرۆکی نامە ساختەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کاتژمێر 9:30ی شەو نامەیەکم پێگەیشت تێیدا نووسرابوو ئەیوبی کوڕم و ئەیادی هاوڕێی کوژراون”.
چیرۆکى ئەو رووداوە ئەوەیە کە شەوى رابردوو، شەش گەنجى خورماتوو بۆ گەشت لە ناوچەى خۆرنەوەزان ماونەتەوە و شەبەکەى ئینتەرنێت و مۆبایلیان نەبووە، بەڵام نامەیەک لە فەیسبوکەوە بۆ باوکى یەکێک لە گەنجاکان دەچێت کە تێیدا نوسراوە کوڕەکەیى و هاوڕێیەکى کوژراوە و ئەوانى تر بریندارن.
وەک ئەوەى باوکى ئەیوب بۆ 964 باسى دەکات، هەستێکى زۆر ناخۆش بووە، تەنیا فریاکەوتن هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە و بەرەو شوێنەکە بەڕێ بکەون، بەڵام وەک دەڵێت: کە گەیشتین بینیمان خەوتوون و سەلامەتن”.

تا ئێستا دیار نییە کێ ئەو نامەیەی ناردووە و ئامانجی چی بووە، بەڵام بەوتەى مەحمود عەباس، کاتژمێر 3:15ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەکاونتەکە سووتاوە و داخراوە. گەنجەکانیش دوای لێکۆڵینەوە، بەیانی ئەمڕۆ گەڕێندرانەوە ناو کەسوکاریان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح