لە بری دەرماڵەی خوێندن

هاوکاری بەسەر کۆمەڵێک خوێندکاردا دابەشکرا

کامیار کەمال – پێنجوێن

رێکخراوی گوڵەگەنم لە پێنجوێن هاوکاری خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان دەکات، وەک قەرەبوویەک بۆ وەرنەگرتنی دەرماڵەی خوێندن.

رێبین عومەر بەڕێوەبەری رێکخراوی گوڵەگەنم لە پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، ئاگاداری بارودۆخی خراپی خوێندکارانن و ماوەی ساڵێکیشە دەرماڵە وەرنەگیراوە، بۆیە بیریان لەوەکردەوە هاوکارییان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕە پارەکە زۆر نەبووە، بەڵام هەوڵیانداوە هەرچۆن بێت بڕێک پارەیان وەک هاوکاری و جەژنانە بۆ دابین بکەن.

رێبین عومەر وتیشی، نزیکەی چوار ملیۆن دیناریان بۆ ئەو 50 خوێندکارە دابینکردووە، هەوڵیانداوە وەک قەرەبوویەک بۆ وەرنەگرتنی دەرماڵەی خوێندن، ئەو بڕە پارەیان پێببەخشن.

باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ دووەم ساڵیانە لە هاوکاریکردنی خوێدنکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، رێکخراوەکە جگە لە خوێندکارانی زانکۆ، لە شەش هەڵمەتی دیکەدا هاوکاری 500 ماڵی هەژاری پێنجوێنیان کرد.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران