باینجانە خراپبووە دەستبەسەرداگیراوەکە - وێنە: پەیجی ناحیەی بیارە لە فەیسبووک
لە مەرزی تەوێڵە - شووشـمێ
زیاتر لە 10 تۆن باینجانی خراپبوو دەستی بەسەردا گیرا
964+
پێشەوا محەمەد
لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستبەسەر 10 تۆن و 50 کیلۆ باینجانی خراپبوودا گیراوە و رێگری کراوە بهێندرێتە هەرێمی کوردستانەوە.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە بە 964ـی راگەیاند، ئەو باینجانە خراپ بووبوو و دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی لیژنەکانی مەرزەکەوە ئاشکرا کرا دەستی بەسەردا گیرا.
لە سنوورى مەرزى تەوێڵە – شوشمێ، لیژنەیەک لە ئاسایش و پۆلیس و کوالێتىی کۆنتڕۆڵ و تەندروستى، بە سەرۆکایەتىی بەڕێوەبەرى ناحیەى بیارە پێکهێنراوە، هەر خۆراک و کاڵایەک بێتە مەرزەکە پشکنینى بۆ دەکەن و ئەگەر بەسەرچووبێت یان شیاو نەبێت بۆ خواردن تەلەف دەکرێتەوە و رێگرى لێدەکرێت بهێنرێتە سنوورى هەرێمى کوردستان.
“هەندێجار خواردن دێت بەسەرنەچووە یان خراپ نەبووە، بەڵام مەرجەکانی حکومەتی عێراقی تێدا نین و لەوکاتانەدا ئەو شمەکەی هێندراوە لەناونابرێت و دەگەڕێندرێتەوە”، حەمید بارام وای وت.
لە بارەی هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی باینجانەکە، حەمید بارام وتی، کۆنە و کوالێتییەکەی بە کەڵکی بەکارهێنان نایەت، بەوهۆیەوە شیاویش نییە بۆ خواردن.
ساڵی رابردوو لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستبەسەر 500 تۆن کاڵا و خواردنی بەسەرچوو و خراپبوودا گیراوە، بەشێکیان لەناوبراون و بەشێکیشیان بۆ ئێران گەڕێندراونەتەوە.
مەرزی تەوێڵە – شوشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشانەوە، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە.