ئەمڕۆ لە کەرکوک سێ حاڵەتی خنکان هەبووە

مێردمنداڵێکی کرێکار لە گۆماوی گوندێکی قەزای دوبز خنکا


کاروان ساڵحی-کەرکوک

مێردمنداڵێکی خەڵکی پارێزگای موسڵ بەمەبەستی کرێکاری رووی لە قەزای دوبز لە شاری کەرکوک کردبوو بەلام ئەمڕۆ لە گۆمەئاوێکدا خنکا.
سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی کەرکوک بە964ـی وت، ئەو مێردمنداڵە تەمەنی 15 ساڵە بەناوی رەداد ئەحمەد ساڵحە، بەهۆی نەبونی و هەژاری رووی لە قەزای دوبز کردبوو، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ بەمەبەستی خۆفێنک کردنەوە لە گۆمەئاوێکی نێوان گوندی گوبەیبە و روبێزە خنکاوە.

وتیشی “کەمێک بەر لە ئێستا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە، لە چاوەڕوانی کەسوکارەکەین تەرمەکەیان وەرگرنەوە”.
جیا لە خنکانی ئەو کرێکارەی تەمەن 15 ساڵە، هەر ئەمڕۆ دوو حاڵەتی دیکەی خنکان لە کەرکوک تۆمار کراوە یەکێکیان لە زێی بجوکی ناحیەی پردێ بووە تاکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتە، دووەمیشیان گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ بوو باوکی سێ منداڵە لە گوندی داربەسەری ناحیەی لەیلان خنکاوە، بەلام تەرمەکەی ئەویان دۆزییەوە.

پێداچونەوە؛ فەرهاد حەسەن