بووەتە 20 هەزار و هاوڵاتیان نیگەرانن
بەم هاوینە نرخی ئەمپێری مۆلیدە لە خورماتوو بەرزترین ئاستی تێپەڕاند
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
قەزای خورماتوو بۆیەکەمجار بەرزترین نرخی لە کارەبای مۆلیدە تۆمار کرد، هۆکارەکەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانییە، بەڵام هاوڵاتین نیگەرانن و ئەم نرخەیان بۆ ئەمپرێک پێ زۆرە و داوای دەستوەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی.
هەرچی خاوەن مۆلیدەکانە دەڵێن دانانی نرخ بە هەوەس و دڵی ئەوان نییە بەڵکو کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی ئەو نرخەی بۆ گرانکردوون.
فەرهاد مەحەمەد، یەکێک لە خاوەن مۆلیدەکان لە خورماتوو بە964ـی وت، ئەم مانگە زیاتر لە 450 کاتژمێر مۆلیدەیان کار پێکردوە، بەمەش لیستی مانگانەی مۆلیدە لەنێوان 16بۆ 20 هەزار دینارە، دەشڵێت “لایەنی پەیوەندیدارەکان وەک پێویست هاوکاریمان ناکەن لە پێدانی گاز”.
بەڵام مەحەمەد جاسم، کە هاوڵاتیەکی قەزاکەیە دەڵێت، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو نەدۆزرێتەوە و ئیدارەی قەزاکە دەستوەردان نەکات، خەڵکی قەزاکە توشی قەیرانێکی گەورە دەبن بەهۆی پارەی مانگانەی مۆلیدەکانەوە، بەتایبەت کە ئێستا پلەکانی گەرما لە ناوچەکەدا بەرزن.
لایخۆیەوە، فازڵ عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خورماتوو بە 964ـی وت، کەمی کارەبای نیشتمانی هۆکاری سەرەکییە و پێشتر ئەو بەشە کارەبایەی کە لە کەرکوکەوە بۆ خورماتوو دەهات، نزیکەی 150 میگاوات بوو، بەڵام ماوەیەکە ئەو بڕە دابەزیوە بۆ تەنها 40 میگاوات.
دەشڵێت “چەندینجار هەوڵمانداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و زیادکردنی پشکی کارەبای قەزاکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بێ سود بوون و هیچ گۆڕانکارییەک لە پشکی کارەبای قەزاکەدا نەکراوە”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن