پاسێکی گەشتیارانی کەرکوک لە تورکیا وەرگەڕا و ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە

964+

کاروان ساڵحی — کەرکوک

دوانیوەرۆی ئەمڕۆ هەینی، پاسێکی گەشتیارانی شاری کەرکوک لە وڵاتی تورکیا تووشی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ بوو، بەهۆیەوە ژمارەیەک گەشتیار بریندار بوون کە دۆخی تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمەڵەی نووسینگەکانی گەشتیاری بۆ 964 وتی: رووداوەکە لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان هەردوو ناوچەی (ئەکسەڕای و نێگەدە) لە تورکیا روویداوە، دوای ئەوەی شۆفێری پاسەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەوە ژمارەیەک لە سەرنیشینان بریندار بوون و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، چەند کەسێکیان گواستراونەتەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانەی ئەو ناوچەیە تاوەکو چارەسەری بەپەلەیان بۆ بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: “ئەو پاسەی تووشی رووداوەکە بووە، تایبەتە بە کۆمپانیای (بێست ڤان) کە کار دەکات لە بواری گواستنەوەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وڵاتی تورکیا.”

پێداچوونەوە: پەری ساڵح