گەنم دوورایەوە و ئاشەکان سەرقاڵن
دایە ئامینە لە ئاش بوو؛ لەژیانم ساوەری بازاڕم نەخواردووە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئاشەكان دەستیان بەكار كردووەتەوە و ساواری خۆمانەش خواستی تایبەتی لەسەرە، زۆرێک لە جوتیارەکان گەنمیان دووریوەتەوە و ئیتر کردن بە بڕوێش، ئارد و ساوەر بازاڕیان گەرم دەکات.
دایە ئامینە لای ئاشەوانی عەلیاوە بوو لە هەولێر و وتی لەوەتی هەیە ساواری بازاری نەخواردووە بۆ 964 باسی لەوەکرد، ژنی ئێستا تاقەتی كردنی ساوار و بڕوێشی نییە، من کە تەمەنم لە 50 ساڵ زیاترە تا ئێستا ساوەری خۆمانە نەبێت، نەم خواردووە.
دایە ئامینە ئەزموونی کردووە و دەڵێ، زستانان لەگەڵ كەڵەشێر و قاز شلە ساوەر لێبنێی تامێکی تایبەتی هەیە.
ئەمرۆ چوارشەممە 10.6.2026 خالید عەبدوڵا خاوەن ئاش بۆ 964 قسەکرد و وتی، ئەمساڵ گەنمەكە زۆرەو نرخەكەشی دابەزیوە وەرزەكەی باشە بۆ گەنمە كوتاو و ساوار و بروێش.
لە ئێستادا گەنجەكانیش گرینگی بە ساوەر و بڕوێشی خۆمانە دەدەن و حەزیان لێیە، بەڵام وەک خالید وتی، موشتەریەكانیان زیاتر بەتەمەنەكانن، ئەو وتی، ئێمە لە ئاشی عەلیاوە لە سالی 2003 كاردەكەین، بەڵام مام و باپیر و بابم لە ساڵانی حەفتاكانەوە خەریكی كاری ئاشەوانی بوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا