کارمەندێکی ئەو رێستۆرانتەی لە هەولێر ئاگریگرت وادەڵێت:

“ئاگرەکە جامی بیناکەی تەقاند و خەریکبوو لە کۆنتڕۆڵ دەردەچوو”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە رێستۆرانتی کۆڵ فیش لە هەولێر کەوتەوە و کارمەندانی رێستۆرانتەکە دەڵێن، زوو فریانەکەوتنانە، ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچوو و زیانی زۆری لێدەکەوتەوە.

یەکێک لە کارمەندانی رێستۆرانتەکە بەناوی ئەرکان سیروان کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە تووشی تەنگەنەفەسی بووە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کاتێک چاوەڕێی تیمەکانی بەرگری شارستانی بووین، ئاگرەکە جامەکانی بیناکەی تەقاند و خەریکبوو بەرەو سەربان تەشەنەی دەکرد، بە دوو بوتڵی ئاگرکوژێنەوە رێگریم لە تەشەنەسەندنی کرد تا ئەو کاتەی تیمەکان گەیشتن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی ئاگرەکەدا موشتەری لە رێستۆرانتەکەیان هەبووە، بەڵام نەیانهێشتووە بگات بەوان و کەس زامدار نەبووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری