دەستپێکی چاندنی نەمامەکان لە ئەڵایی - وێنە: شارەوانیی بازیان
هەزار رووێندراوە و دووی تریش ئامادەیە
بازیان و ئەڵایی نەمامڕێژ دەکرێن
پێشەوا محەمەد
شارۆچکەی ئەڵایی و ناوەندی قەزای بازیان نەمامڕێژ دەکرێن، لە ئەڵایی دەست بە روواندنی هەزار نەمام کرا و دوای جەژنیش لە ناوەندی قەزای بازیان دوو هەزار نەمام دەڕووێندرێت.
هەڵمەتەکە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکردن و دانانی سیستمی ئاودێری بۆ ئاودانی نەمامەکان و پاراستنیان لە وشکبوون.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان بە 964ـی راگەیاند، وا بڕیارە هەڵمەتی روواندنی نەمامەکە تەواوی سنووری قەزای بازیان بگرێتەوە.
وتیشی، “ئەمڕۆ لە ئەڵایی دەست بە روواندنی هەزار نەمام کراوە و بەردەوام دەبێت تا هەمووی دەڕووێندرێت، دوای جەژنیش ئێمە لە ناوەندی قەزای بازیان دوو هەزار نەمام دەڕووێنین”.
بازیان خاوەنی 12 باخچەیە، بەڵام بە وتەی سەرۆکی شارەوانییەکەی پێویستیان بە زیاتر لە 10 باخچەی دیکە هەیە و نەبوونی بوودجە دەستی گرتوون لە سەوزکردنیان.
“لەو دوو هەزار نەمامە هەوڵ دەدەین دوو باخچەی دیکە لەناو بازیان سەوز بکەین و ئەوەی دیکە لە شەقامی سەرەکی و باخچەکانی دیکە و شەقامی گشتی سلێمانی – دوکان دەڕووێندرێن”، نەوزاد جەلال وای وت.