خێمەیان هەڵداوە
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی کەرکوک داوای زەوی دەکەن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی کەرکوک داوا دەکەن ئەنجامی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەسەریان جێبەجی بکرێت و چیتر وەرگرتنی زەوییەکانیان دوانەخرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3.4.2024 ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی کەرکوک لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی کەرکوک خێوەتیان هەڵدا و دەستیان بە گردبوونەوە کرد و داوا دەکەن بە زووترین کات ئەو زەوییانەی بۆیان دەستنیشان کراوە لە تیروپشکدا، پێیان بدرێت و چی تر دوانەکەوێت.
محەمەد نەجمەدین ئینجە، مامۆستای کۆلیژی پەروەردە، بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان بە 964ـی وت، “دوێنی زانیاریمان پێگەیشت کە رەزامەندیی دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوەی زارەکی بڕیاری لەسەر دراوە و ئێمە دەمانەوێت بکرێت بە نووسراو و فەرمی بێت”.
وتیشی، “ئێمە ژمارەمان 600 مامۆستا و 150 فەرمانبەری زانکۆی کەرکوکین”.
هەروەها لیما تاریق لوئاش، مامۆستای کۆلیژی پەرستاری، بە 964ـی وت، “ئێمە چەندین ساڵە لەم شارەدا خزمەت دەکەین، پێویستە مافەکانی خۆمان وەربگرین و شارەوانیی کەرکوک ئەنجامی تیروپشکەکە پەسەند بکات، زەوییەکانی خۆمان وەربگرین، کە بۆمان دیاری کراوە لە ناوچەی سەیادە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا