واستە دابەشکردنی زەوی کەلاری راگرت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
“واستە” و “ناوی دووبارە” و “سکاڵا” بوونە هۆکاری راگرتنی دابەشکردنی زەوی قەرەبووی گەڕەکەکانی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی کەلار.
گەڕەکەکانی لیوا رەشەکەو جەمەلۆنەکە، شوێنی دوو سەربازگەی کۆنی رژێمی بەعس بوون، دوای پڕۆسەی ئازادی، ژمارەیەک خێزان بە ناچاری بەمەبەستی ژیانکردن تێیدا نیشتەجێ بوون. دانیشتووانی لیوا رەشەکە 150 ماڵ دەبن و جەمەلۆنەکەش 13ماڵ دەبن.
شارەوانی گەرمیان، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
بەهۆی خراپیی شوێنەکەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (3339) لە شەشی تشرینی یەکەمی رابردوو بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بۆ دەرکردوون بە زەوییەکی 200 مەتری.
رۆژی 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 وەجبەی یەکەمی ئەو زەوییانە بەسەر 103 خێزاندا دابەش کران، بەڵام بەهۆی بوونی واستە و ناوی دووبارە و سکاڵاوە شارەوانیی کەلار بەناوکردنی زەوییەکانی راگرتووە.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار بە +964ـی راگەیاند: ناڕەزایەتییەکی زۆر هەبوو، سکاڵا هەبوو کە واستە کرابێت و خەڵکی درەوەی ئەو دوو گەڕەکە زەویی وەرگرتبێت، یاخود لە خێزانێک زیاتر لە زەوییەکی بۆ هاتبێتەوە، بۆیە سکاڵا تۆمار کرابوو.
دەشڵێت؛ ئێستا پڕۆسەکە وەستاوە و لیژنەیەک پێک هاتووە و ئەو پرسانە یەکلایی دەکاتەوە و زەوییەکان بەناو دەکرێن.