دواى جەژن
رێگاى مەرزى کێلێ قیڕتاو دەکرێ
964+
محەمەد علی ـ پشدەر
دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی خەڵکی پشدەر، دواجار رێگای سەرەکی قەڵادزێ بۆ دارەشمانە کە رێگای مەرزی کێلێی بەسەرەوەیە قیڕتاو دەکرێت.
رێگاگە پڕە لە چاڵ و چۆڵى و لەسەردەمى رژێمى بەعس دروستکرا و هیچ مەرجێکى سەلامەتى تێدا نەماوە و ئاستەنى بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان دروستکردووە.
موحسین حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت”پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەو قیرتاوکردنی رێگاى قەڵادزێ بۆ دارەشمانە هەموو رێکارەکانی تەواو بووە و دواى جەژنى رەمەزان لەسەر بودجەى وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دەست بە قیرەتاوکردنى دەکرێت”.
درێژى رێگاکە 11 کیلۆمەترە و بڕى دوو ملیار و 875 ملیۆن دینارى بۆ خەرج دەکرێت و بڕیاریشە لە ماوەى 300 رۆژدا تەواو بکرێت.
رێگاکە جگە لەوەى قەڵادزێ و 50 گوندى بەسەرەوەیە، هاوکات رێگاى سەرەکى مەرزى کێلێە و بەردەوام لۆدى بارهەڵگران و گەشتیارانى مەرزەکەى بەسەرەوەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح