گریانی قوتابیان بۆ مامۆستایەکی هەولێر بووە ترێند
“دەبێت بە خۆشەویستییەوە قوتابییەکان فێر بکەین نەک بە ترس”
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
گرتە ڤیدیۆییەک، کە گریانی ژمارەیەک قوتابی منداڵە بۆ مامۆستاکەیان لە قوتابخانەیەکی هەولێر، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەکان بووە باس و خواس و کاردانەوەی زۆری دروست کرد، مامۆستاکە دەڵێت ئەمە فەیک نەبوو، هەست و سۆزی راستەقینەی قوتابییەکان بوو.
رێمان فەرهاد کە مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە قوتابخانەی بانی ناحکومییە، ئەو مامۆستایەیە کە قوتابییەکان لە دواڕۆژی دەوامی ئەم ساڵ بۆی گریان، ئەو بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، “دڵسۆزییم بۆ پیشەكەم، هۆكارێكە بۆ ئەو هەموو هەست و سۆزەی قوتابیەكانم بۆ من هەیانە، هەمیشە وەک خوشك و برای خۆم دەیانبینم”.
وتیشی، ئەو گریانەی تۆمار کرا شتێکی راستەقینە بوو، فەیک نەبوو، هەر بۆ منیش نا، بۆ مامۆستای دیکەش بەم شێوە قوتابییەکان گریاون و خۆشەویستی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام ئەم دیمەنانەی من بڵاوبوونەوە.
مامۆستا رێمان چیرۆکی گریانی قوتابییەکانی دەگێڕێتەوە، “یەكێك لە قوتابییەكانم نەشتەرگەری بۆ كرابوو، رۆژانە پەیوەندی پێوە دەكردم و باسی رۆژەكەی دەكرد، دوێنی بینیم سەیرم دەكات و دەگری، منیش خۆم پێڕانەگیرا و ئیتر ئەوانی تریش گریان”.
رێمان فەرهاد شانازی بە پیشەکەی دەکات و دەڵێت، ئەگەر دووبارە بڕیار بدەم چ پیشەیەک هەڵبژێرم، بە شانازییەوە هەر مامۆستایەتی هەڵدەبژێرم، چونکە ئەرکێکی پیرۆزە و مامۆستا نابێت تەنیا بیر لە موچەکەی بکاتەوە، بەڵام پێویستە زانست و زانیاری و لەگەڵیدا خۆشەویستی بە قوتابییەکانی ببەخشێت و بە خۆشەویستییەوە فێری زانستیان بکات، نەک بە ترس.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا