دروستکردنی تەواو بووە
پردی دەربەندی رانیە تەواو کرا و دوای نەورۆز دەکرێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
پرۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیە بەکۆتا گەیشتووە و بڕیارە لەدوای جەژنی نەورۆز بکرێتەوە، پرده كۆنهكهش دهكرێته شوێنێكی گهشتیاری.
درێژیی پردەکە 420 مەترە، بەرزی 25 مەترە و پانیەکەشی 15 مەترە، دروستکردنەکەی نزیکەی 12 ملیار و 400 ملیۆن دیناری تێچووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17.3.2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، پردی دەربەندی رانیە تەواو بووە کە سودێکی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵی و بازرگانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەبێت و رانیە بە بەری مەرگە و سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.
جگە لە پردەکە، بە درێژایی یەک کیلۆمەتر لە هەردوو دیوی رێگەکە قیرتاو کراوە.
پێشتر، سەبارەت بە پردە کۆنەکە، محەمەد ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی رانیە بە 964ـی وت، “پردەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و به بڕیاری وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه لانابرێت، وەک پردێکی پیادەڕۆیی بەکاردەهێنرێت و چەند کافتریا و چێشتخانەیەکی لێ دروست دەکرێت و وهك شوێنێکی گەشتیاری سوودی لێ دەبینرێت”.