دۆسیەی "دەزگای نهێنی" نەهزەشی داخست
دادگایەکی تونس بڕیاری زیندانی “تاهەتایە” و 106 ساڵ زیادەی بەسەر راشد غەنوشی دا سەپاند
فەرهاد حەسەن
لە تونس دادگایەکی تایبەتمەند، دۆسیەی “دەزگای نهێنی” بزووتنەوەی نەهزەی داخست و زیندانی هەتاهەتایی و 106 ساڵی بەسەر راشد غەنوشی رێبەری بزووتنەوەکە و حوکمی دیکەشی بەسەر سەرکردەکانی دیکە، سەپاند.
دادگای تایبەتمەند بە دۆسیەکانی تیرۆر لە تونس، حوکمە کۆتاییەکانی لەبارەی دۆسیەی ناسراو بە “دەزگای ئەمنی نهێنی” بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی (ئیخوان موسلیمین)ی لەو وڵاتە دەرکرد، کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دادەندرێت.
دادگاکە بڕیاریدا بە حکومکردنی “تاهەتایی” و 106 ساڵ زیندانی زیادەش وەکو کۆکراوەی حوکمکردنەکانی پێشتری بۆ راشد غەنووشی و هەریەک لە عەلی عەریز (سەرۆکوەزیرانی پێشوو) بە 42 ساڵ زیندانیکردن و مستەفا خدر، بە زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ 96 ساڵی زیادە و رەزا باروونی، تاهیر بوبەحری و کەمال عەیفی بە زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ 76 ساڵی زیادە بۆ هەر یەکێکیان.
ئەمەو دادگاکە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی و ساڵانی زیادەی بۆ حەوت تۆمەتباری دیکەی ناو دۆسیەکە دەرکردووە.
لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022ەوە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای سکاڵای تیمی بەرگری لە هەردوو سیاسیی تیرۆرکراوی تونسی (شکری بەلعەید و محەممەد براهیمی)، تیمی بەرگری بزووتنەوەی نەهزە و دەزگا نهێنییەکەی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت تیرۆرکردنی ئەو دوو سەرکردە نەیارە بوون لە ساڵی 2013 دا، جگە لە تۆمەتەکانی سیخوڕی و دزەکردنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت.
بزووتنەوەی نەهزە لەلای خۆیەوە سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بە “دروستکراو” ناویان دەبات، بەڵام دادگا بە پشتبەستن بە بەڵگەکان حوکمە قورسەکانی سەپاند.
راشد غەنوشی، کە ئێستا لە تەمەنی 84 ساڵدیدایە، لە مانگی نیسانی 2023 ەوە دەستگیرکراوە، پێشتریش چەندین حوکمێکی دیکەی بەسەردا سەپێنرابوو بە تۆمەتی “پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت” و هاندانی خەڵک بۆ شەڕی ناوخۆ، جگە لە چەندین دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە گەندەڵی دارایی و تیرۆر.