دیمەنێک لە هێرشی ئاسمانی - وێنە: ئاژانسەکان
بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە
مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت: فرۆکەخانەی بن گۆریۆن بە ئامانج گیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە شوێنکەوتەکانیان فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیل- یان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیەندراوێکی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەوە هاتووە، شوێنکەوتەکانمان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان کردە ئامانج لە قوڵایی خاکی ئیسرائیل، پەیمانی ئەوەش دەدەن کە بەردەوام دەبن لە وێرانکردنی “مۆڵگەکانی” ئیسرائیل.
مقاوەمە دەڵێت، هێرشەکە بۆ تەواوکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، بۆ پشتیوانیکردن لە گەلەکەمان لە غەززە، و لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی “زایۆنیستەکان” دژی خەڵکی مەدەنی فەلەستینی بێ بەرگرییە.
هەواڵی هێرشەکەی مقاوەمە لە میدیای عێراقی گەرمە، بەڵام تائێستا میدیاکانی ئیسرائیل وەک لایەنی بەرانبەر، پشتڕاستی هێرشەکەیان نەکردووەتەوە، وە دیار نییە زیانی هێرشەکە چی بووە.
شەڕی غەززە پێی ناوەتە 158ەمین قۆژی خۆیەوە، لە کاتێکدا بۆردومانکردن بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی گیانلەدەستدان لەنێو سوپادا بۆ 589 کەس بەرزبووەتەوە.
لە لایەنی فەلەستینیشەوە زیاتر لە 31 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 72 هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون کە 72%یان منداڵ و ژن بوون.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزاندا، هێزەکانی ئیسرائیل بە تەلی دڕکاوی سیاجەکەی تەنیشت مزگەوتی ئەقسایان لە ناوچەی باب ئەلئەسبات گەمارۆداوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، ماوەی پێنج مانگە هێزەکانی ئیسرائیل گەمارۆی توندیان بەسەر مزگەوتی ئەقسادا سەپاندووە و رێگرییان لە چوونە ژوورەوەی بۆ مزگەوتەکە کردووە، بەمەبەستی رێگریکردن لە نوێژکردنیان لە مانگی رەمەزاندا.