بەپێی نوێترین راگەیەنراویان

مقاوەمەی ئیسلامی داوای جیهاد دژی ئەمریکا دەکات

964+

فەهمی نەبی

گروپێک کە ناویان لە خۆیان ناوە “مقاوەمەی ئیسلامی” و لەرابردوو بەرپرسیاریەتی زۆربەی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکایان لە عێراق و سوریا لە ئەستۆ گرتبوو، ئەمشەو لەنوێترین بەیاننامەیاندا داوا لە خەڵک دەکەن بچنە ریزی “مقاوەمە” و “جیهاد” بکەن.

لە بەیاننامەکەی گروپی مقاوەمەی ئیسلامی هاتووە “دەرفەتی چەند رۆژی رابردوو بە دڵنیاییەوە بۆ گەل و دۆست و دەسەڵاتی بەرپرسی عێراق ئاشکرای کرد، کە دوژمنی داگیرکەر دەستبەرداری خراپەکاری و خیانەتەکەی نابێت و جگە لە زمانی چەک لە هیچی تر تێناگات”.

ئەو گروپە نمونەی بۆردوومانەکەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەی عەکاشات و قائیم بە نمونە دەهێنیتەوە، دواین هێرشیش کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای کەتائیبی حزبوڵایە، ئەوەشی راگەیاندووە پابەندن بەرامبەر بە گەل و وڵات و نەتەوە لە هەموو باردوخێکدا.

مقاوەمەی ئیسلامی لە کۆتایی بەیاننامەکەیان رایانگەیاندووە، “داوا لە برایانمان دەکەین بۆ جیهاد بچنە ریزەکانی بەرخۆدان، بڕیار بدەن بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکەن لە دەرکردنی داگیرکاری لەم قۆناغە مێژووییەی لە عێراق و ناوچەکە هەیە”.

ئەم بەیاننامەیەی گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لەکاتێکدایە ئەو گروپە زیاتر لە 10 رۆژ دەبێت لەناوخۆی عێراق هیچ هێرشێکیان بۆسەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام نەداوە.