فڕۆکەخانەی کەرکوک - وێنە 964
سبەینێ هەینی
گەشتی چوون بۆ تورکیا لە کەرکوکەوە دەستپێدەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەینێ هەینی 1.5.2026، گەشتی ئاسمانیی نێوان فڕۆکەخانەی کەرکوک و ئەنقەرە دەستپێدەکاتەوە، بڕیارەکە بەوجۆرەیە لەمەولا هێڵی ئاسمانی عێراق هەفتانە سێ گەشت ئەنجام بدات.
ئەوەش، دوای زیاتر لە دوو مانگ لە وەستانی گەشتی نێوان هەردوولا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.4.2026، فڕۆکەخانەی کەرکوک لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنەوە بڵاوی کردەوە، سبەی هەینی 1.5.2026، کاتژمێر 9:45 خولەکی بەیانی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق لە کەرکوکەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەوێت و کاتژمێر 3:45 خولەکی ئێوارە لە ئەنقەرە دەگەڕێتەوە.
یەکەم گەشت رۆژی 06 کانوونی یەکەم 2022 ئەنجامدرا، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکوک، هەردى سەمەد رایگەیاند وەک سەرەتا، هەفتانە یەک گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووکەوە بۆ ئەنقەرە پایتەختی تورکیا ئەنجام دەدرێت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک کە پێشتر وەک بنکەی سەربازیی بەکاردەهێنرا لە رێوڕەسمێکدا لە 16ی تشرینی یەکەمدا بە فەرمی کرایەوە و لە 20ی تشرینی یەکەمەوە، گەشتە دەرەکییەکان و گەشتی کار لێیەوە دەستی پێکرد.