عەلی زەیدی
”حکومەت سەروەری بەدەستبهێنێ”
میدیای نزیک لە گرووپی سەیدشوهەدا: پەیام بۆ عەلی زەیدی نێردراوە
ئەحمەد مستەفا
”پۆستى سەرۆک وەزیرانى عێراق مافێکی شیعەیە و دەبێت حکومەتی نوێ سەروەرییەکی تەواو بەدەستبهێنێت”، ئەمە قسەی وتەبێژی سەیدشوهەدایە، کازم فەرتووشییە کە لە پەیامێکدا ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو عەلی زەیدی کردووە.
وە دەڵێ، ”دەبێت ئامانجە سەرەکییەکانی بەرنامەی حکومەت گەیشتن بە سەروەری تەواوی عێراق لەخۆ بگرێت”.
میدیای نزیک لە گرووپە و بەشێک لە میدیا عێراقییەکان پەیامەکەیان بڵاوکردووەتەوە، نوسیوویانە، کازم حەبیب فەرتووشی وتەبێژی گرووپی چەکدارى سەیدشوهەدا باسی لەوەکردووە، پێویستە حکومەتی داهاتوو کار بۆ بەدەستهێنانی “سەروەری تەواو” بۆ وڵاتەکە بکات، هەڵبژاردنی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق مافی شیعە و نوێنەرایەتی پێکهاتەی شیعەیە.
وتەبێژەکە لەو پەیامەدا وەک ئەو میدیایانە نوسیوویانە وتوویەتی، ”چوارچێوەى هەماهەنگی سەرۆکی حکومەتی هەڵبژاردووە، چونکە ئەوان نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە گوزارشت لە ئیرادەی سیاسی قۆناغێکى گرنگ دەکات”.
لەبارەی پەیام و داواکارییە ئاڕاستەکراوەکان لە زەیدی، رادیۆی مۆنتی کارلۆی نێودەوڵەتی نوسیوویەتی، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق پەیامی سیاسی دژبەیەک لە هەردوو لایەنی ئەمریکی و عێراقییەوە پێگەیشتووە، لەوانە، لیوای سەید شوهادە کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە، داوای لە ئەلزەیدی کرد سەروەری عێراق بەهێز بکات و هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەربکات.
هەروەها، مقاوەمەی ئیسلامی عێراق، توندترین پەیامی ئاراستەی زەیدی کردووە و داوای کردووە، هەمیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستێت و پاڵپشتی بەرخۆدان بکات و فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی کوتلەکان رەت بکاتەوە.
سەبارەت بە پەیامە ئەمریکییەکە، بەگوێرەی سەرچاوە شیعەکان، زەیدی ئاگادارکردووەتەوە کە واشنتۆن چاودێری کردەوەکانی حکومەتەکەی دەکات سەبارەت بە قۆرخکاری دەوڵەت لەسەر چەک، هەڵوەشاندنەوەی کوتلە عێراقییەکان، نەهێشتنی سەربەخۆیی سەربازیی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری لە وەزارەتی بەرگری عێراق و دواجاریش دوورخستنەوەی عێراق لە پشتیوانیکردنی ئێران.
شەوی دووشەممەی رابردوو، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتنە بڕیار و عەلی زەیدییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کاندید کرد، ئەوەش دوای چەندین کۆبوونەوە و دواخستن، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، کە ماوەی بەسەرچووە، رایگەیاند، دەستنیشانکردنی زەیدی بە رێککەوتنی نێوان هەموو لایەنەکانی چوارچێوە بوو، بە هاوبەشی لەگەڵ نوری مالیکی.