مزگەوتەکە نۆژەن دەکرێتەوە بەڵام چێشتخانەکەی کراوەیە
رۆژانە لە مزگەوتی گەورە بۆ خەڵکی هەژار خواردنی 1500 کەس ئامادە دەکرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە نۆژەنکردنەوەدایە و دیار نییە کەی تەواو دەکرێت، بەڵام چێشتخانەکەی کراوەیە و لە رەمەزاندا خواردن دەدات بە هاوڵاتیان.
شێخ محەمەد سالار، سەرپەرشتیاری مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی مزگەوتەکە هیچی نوێی بۆ زیاد ناکرێت، تەنیا لەسەر شێوازی کۆن و کولتوورییەکەی نۆژەن دەکرێتەوە، هەندێ درز و ئاودانیشی لە چەند شوێنێک هەبوو چاک دەکرێت.
وتیشی، “مزگەوتەکە لەدوای دروستکردنییەوە لە ساڵی 1785 دواتر لە ساڵی 1964 فراوان دەکرێت، ساڵی 1994 جارێکی تر نۆژەن دەکرێتەوە، ساڵی 2011 بۆ سێیەم جار چاکسازی تێدا دەکرێت و لە مانگی 10ـی ساڵی 2023شەوە بۆ چوارەم جار لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە”.
مزگەوتی گەورە لەناو 700 مزگەوتی شاری سلێمانیدا تاقانە مزگەوتێکە کە بووە بە شوێنەوار، چونکە بە پێی بڕگەی حەوتی مادەی یەکی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، هەر شتێک یان شوێنێک مێژووەکەی لە 200 ساڵ کەمتر نەبێت دەبێتە شوێنەوار.
لەناو مزگەوتی گەورەدا چێشتخانەی خێرخوازی کاک ئەحمەدی شێخ هەیە، بە وتەی سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە پێش رەمەزان رۆژانە نیوەڕوان خواردن هەزار بۆ هەزار و 500 کەس ئامادە دەکەن و لە مانگی رەمەزانیشدا ئێواران خواردن بۆ سێ تا پێنج هەزار کەس ئامادە دەکەن.
شێخ محەمەد سالار وتی، “پێویستی و خواردن و کەلوپەلی چێشتخانەکە لە لایەن خێرخوازانەوە دابین دەکرێت، پێنج کارمەندیشی هەیە موچەیان لەسەر بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانییە”.
چێشتخانەکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ساڵی 1940 بەردەوام بووە، دواتر وەستاوە و لە ساڵی 1998ـەوە تا ئێستا بەردەوام هەموو رۆژێک خواردن بۆ هاوڵاتیان ئامادە دەکرێت.
شێخ محەمەد سالار وتیشی، “رۆژانی ئاسایی زیاتر لە 150 کیلۆ برنج و 60 کیلۆ فاسۆلیا و نزیکەی 320 کیلۆ مریشک ئامادە دەکرێت و رەمەزانان چەند قات دەکرێن”.
وتیشی، “لەم نۆژەنکردنەوەیەدا نەمانهێشتووە چێشتخانەکە دابخرێت تا خەڵکانی کەمدەرامەت و هەژار سوودی لێوەربگرن”.