هۆکارەکەی چییە؟

دوو مانگە هەناسەتووندی بەرۆکی منداڵانی سلێمانیی گرتووە

964+

پێشەوا محەمەد

مانگی رابردوو 18 هەزار و 990 منداڵ بردراونەتە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی و دوو هەزار و 88یان هێڵدراونەتەوە، لەو رێژەیە بەرزترینی حاڵەتەکانی هەناسەتووندی بوون.

بە پێی ئامارێک کە 964 لە تەندروستی سلێمانییەوە دەستیکەوتووە، 374 حەڵەتی سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوە و 794 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆمار كراوە و 201 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون، 170 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 330 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 190 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون.

هەر لەو ماوەیەدا 14 هەزار و 773 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 388 سۆنەر و 96 ئیكۆ ئەنجام دراوە و 540 تیشك گیراوە.

مانگی یەکی ئەمساڵ 17 هەزار و 945 منداڵ بردراونەتە نەخۆشخانەکە، لەو رێژەیە زیاتر لە هەزار منداڵ تووشی هەناسەتووندی بووبوون.

زیاتر لە چوار مانگە نەخۆشخانەکە بێ بەڕێوەبەرە و د.پشدەر عەبدوڵا دەستی لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە هەڵگرتووە و وەک پزیشکێک لە نەخۆشخانەکە دەوام دەکات.

پزیشکێکی نەخۆشخانەکە کە نەیویست ناوی بهێندرێت، بەهۆی ئەوەی رێگەپێدانی قسەکردنیان نییە، بە 964ـی وت، “زۆریی حاڵەتەکانی هەناسەتووندی پەیوەندیی بە تازەلەدایکبووان و پەتای وەرزیشەوە هەیە، ئاساییە و هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا ئەو حاڵەتانە بوونیان هەیە”.

مانگی رابردوو نەخۆشخانەی هەرس و جگەری سلێمانی جمەی هات...

مانگی رابردوو نەخۆشخانەی هەرس و جگەری سلێمانی جمەی هاتووە