ئەمڕۆ ناو بنوسە

دوو ساڵ دەبێت چاوەڕێ بیت تا لە فەرمانگەى بارى شارستانى شێخان نۆرەت دێت

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

بەهۆى کەمى کارمەند لە فەرمانگەى بارى شارستانى قەزاى شێخان، گرفت بۆ هاوڵاتیان دروستبووە و دەبێت ماوەیەکى زۆر لە چاوەڕوانیدابن تا نۆرەیان دێت بۆ ئەوەى مامەڵەکانیان تەواو بکەن.

چیایی تەیمور عەبدال، ئەندام ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تایبەت بە 964 وتى،”دوو رۆژ پێش ئێستا بە نوسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرد کە فەرمانبەرانى فەرمانگای باری شارستانی شێخان زیاد بکریت و هەروەها فەرمانگای ناحیەی زێلکانیش بکریتەوە بۆ ئەوەی ئەو لۆدەی هەیە نەمێنێت”.

ئێستا لە فەرمانگەى بارى شارستانى قەزاى شێخان دەوامی بەیانیان بۆ خەڵکی زێلکانە و ئێوارەکەی بۆ سەنتەری شێخان و دەوروبەریەتى، بۆیە بەهێواشى کارەکان بەرێوەدەچن.

بە وتەى چیایى تەیمور، لە 13-3-2023ـوە فەرمانگەى بارى شارستانى  قەزاى شێخان کراوەتەوە، لە زێلکانیش بینا هەیە و تەنها پێویستى بە کارباى بەردەوامە، بۆیە پێویستە ئەوەى زێلکانیش بکرێتەوە و فەرمانگەکەى شێخانیش هەردوو کاتى دەوامى ئێواران و بەیانیانى بۆ دانیشتوانى قەزاى شێخان بێت، بەم شێوەیە مامەڵەکان خێراتر بەڕێوە دەچن.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامى قەزای شێخان بە 964ـى وت،”داواى ئێمە و خەڵکیش ئەوەیە، مامەڵەى کارتى نیشتمانى بە خێرایى ەنجام بدرێت، بەڵام ئێستا لۆدێکى زۆر هەیە و مامەڵەکان زۆر دوا دەکەون”.

لە فەرمانگای باری شارستانی قەزای شێخان نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە سەروویی 50 هەزار کەس، لە کاتێکدا بەپێى ئەو زانیاریانەى 964 دەستى کەوتووە، رۆژانە تەنها 125 مامەڵە ئەنجام دەدرێت.

“من ناسنامەکەم لەسەر قەزاى شێخانە، ماوەیەکى زۆرە ژیانى هاوسەرگیریم پێکهێناوە، نۆرەم گرتووە بۆ دەرهێنانى کارتى نیشتمانى، بەڵام نۆرەکەم 1381ـە و تائێستا 260 کەس مامەڵەى کردووە و دەبیت ساڵێک چاوەڕێ بکەم”. یەکێک لە هاوڵاتییەکان کە نەیویست ناوەکەى بنوسین واى بە 964 وت.

شێخان لە ساڵی 1924ـەوە بووەتە قەزا، ژمارەی دانیشتوانی 220 هەزار کەس دەبێت  و لەئێستاشدا 60 هەزار ئاوارە لەو قەزایە دەژین.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح

دوا مۆڵەت دەدرێت بەو کەسانەى کارتى نیشتمانیان دەرنەهێ...

دوا مۆڵەت دەدرێت بەو کەسانەى کارتى نیشتمانیان دەرنەهێناوە