"بە دۆشکە تەقەیان لێکردووە"

لە کوێستانەکانی سیدەکان شوانکارێک بە تەقەی سوپای پاسداران کوژرا

ئاکام غەفوور – حاجی ئۆمەران

لە کوێستانەکانی خنێرانی سنووری سیدەکان، شوانکارێک بە تەقەی سوپای پاسداران کوژرا و کەسوکاری لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی تەرمەکەی دان.

ئەمڕۆ چەند کەسێکی نزیکی ئەو شوانکارە لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە چوونەتە دیوی ئێران، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، سلێمان هەرکی باوکی ئەو شوانکارە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کوڕەکەمان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە چوونەتە بێری بۆ دۆشینی ئاژەڵەکان لە چیای، هەموو رۆژێکیش دەچوونە ئەو شوێنە، ئەم جارە بە دۆشکە تەقەیان لێکردوون و کوڕێکم کوژراوە”.

“ئەمڕۆ بە منیان گوت کە کوڕەکەم کوژراوە، 850 سەر مەڕوماڵاتیشمان دیارنەماوە”، مام سلێمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی سوپای پاسداران زیاتر لە ساڵانی پێشوو هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

کوڕەکەی مام سلێمان ناوی رێبازە، سەڵتە و تەمەنی 27 ساڵە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری