نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار - فۆتۆ: 964
لە ناحیەی کوڵەجۆ
لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرێک گەنجێک گیانی لەدەستدا
میلاد جەلال – گەرمیان
ئاگر لە گوندێکی ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان کەوتووەتەوە و گەنجێکێش لە کاتی کوژاندەنەوەی ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە.
ئیبراھیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بە 964ـی وت،”لە قچقەلەرخ لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ ئاگر کەوتەوە و گەنجێک لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە گیانی لەدەستدا”.
“لەکاتی دروێنەدا تایەی دەڕاسەکە ئاگری گرتووە و دوکەڵێکی زۆری کردووە لەوکاتەدا گەنجەکە رۆشتووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و تەندروستی تێکچووە و گەیاندویانەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە”،ئیبراھیم محەمەد وای وت.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لەکەلار بە 964ـی وت،”گەنجەکە کە ھێنرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە ماندوو بووە و دوکەڵ رۆشتبووە قوڕگیەوە گومان دەکەن جەڵدە لێیدابێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، گەنجەکە تەمەنی 38 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی