700 ماڵن

گەڕەکێکی خورماتوو چوار رۆژ بێ کارەبا دەبن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

شەوی رابردوو بەهۆی تێكچوونی ئامێرێكی ناو وێستگەی بەشی کارەبای دوزخورماتوو، گەڕەکێکی قەزاکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بێ کارەبا دەمێننەوە.

سەیف ئەنوەر هاوڵاتیەکی گەڕەکی کۆماری دوزخورماتووە بە 964یـی وت، زیاتر لە 10کاتژمێرە کارەبایان نییە و بەهۆیەوە ئامێرەکانی گەرمکەرەوەی ئاویان ئیش ناکات و بووەتە هۆی نیگەرانی دانشتووانی ئەو گەڕەکە.

وتیشی، بۆ خۆششتن و گەرمکردنەوە بەناچاری رو ویان لە ماڵە خزمەکانیان کردووە لە گەڕەکەکانی دیکە، داواش دەکەن بەزوویی چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکرێت.

فازڵ عەباس ئیماملی بەڕێوەبەری بەشی کارەبای دوزخورماتوو بە 964ـی وت، کاتژمێر 1:00ـی شەوی رابردوو لە ناو وێستکەی بەشی کارەبا ئامێرێکی گەیاندنی بەشی کارەبای گەڕەکی کۆماری قەزاکە سوتا و بەهۆیەوە بەشێکی زۆری گەڕەکی کۆماری بێ کارەبا کردووە.

وتیشی، ئەو ئامێرەی کە سوتاوە بە ئاسانی دەست ناکەوێت و دەبێت بنێردرێت لە شاری موسڵ بۆی بهێنن و ئەمڕۆ و سبەیش دەوام نییە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەشە نزیکەی چوار رۆژ دەخایەنێت، تاوەکو چاک دەکرێتەوە و داواش لە هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە دەکات دان بەخۆیاندا بگرن تا چارەسەری کێشەیان بۆ دەکەن.

گەڕەکی کۆماری یەکێکە لە گەورەترین گەڕەکانی قەزای دوزخورماتوو، ئەو ماڵانەی کە بێ کارەبا ماونەتەوە نزیکەی 700 ماڵن و تاوەکو رۆژی سێشەممەی داهاتوو بە بێ کارەبا دەمێننەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کارەکانی دوو پرۆژە بۆ خەڵکی دوزخورماتوو دەستیپێکرد

کارەکانی دوو پرۆژە بۆ خەڵکی دوزخورماتوو دەستیپێکرد