کەی تەواو دەبن؟
کارەکانی دوو پرۆژە بۆ خەڵکی دوزخورماتوو دەستیپێکرد
+964
سیروان خورشید-دوزخورماتوو
پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگای ناو قەزای دوزخورماتوو، لهگهڵ دروستکردنی دوو پردی گەورە دهستیپێكرد، کە دەکەونه سەر رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا.
ئەزەل رەمزی ئەندازیار و سەرپهرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ی وت، دەستکراوە بە کارکردن لەو پڕۆژانه و لە قۆناغی یەکەمدا دەستیان بە لادانی ئەو بەربەستانە كرد، کە رێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە، لەوانە رووخاندنی پردێکی کۆنی سەر رێگای سەرەکی و فراوانکردنی جادەکە و گواستنەوەی رێڕەوی ئۆتۆمبێلەکان بۆ شوێنێکی دیكه، تا تەواوکردنی پڕۆژەکە.
وتیشی، ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەی کە دوو پردی گەورەی تێیدا ئەنجام دەدرێت، تەواوی رێگای سەرەکی ناو قەزای خورماتووش دەکرێتە دووساید، چونکە رێگای سەرەکیی نێوان کەرکوک – بەغدای لەسەرە، بۆیه پێوستە فراوان بکرێت و چیتر قەرەباڵغی لەسەر رێگاکە دروست نەبێت، جگه لهوهی رووداوەکانی هاتوچۆشی لەسەر کەم دەبێتەوە.
ئاماژهی بهوهش كرد، ئەو دوو پردەی دروست دهكرێن، هەریهكهیان درێژییەکەی 350 مەترە و پانیشیان 9 مەترە.
بە پێی زانیارییەکانی 964، بڕی 5 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانه و 16 مانگ بۆ تەواوکردنی دیاریکراوە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا