جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان
لە 20ی ئەم مانگەوە
لەدایکبووانی 2008 بۆ هەڵبژاردن تۆمار دەکرێن
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، لە 20.4.2026 تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەستپێدەکات، کە لەدایکبووی 2008ن و تەمەنی یاساییان تەواو کردووە و بوونەتە 18 ساڵ، بەمەش بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەتوانن بەشداریی بکەن.
جومانە غەلای ئەمڕۆ یەکشەممە 12.4.2026 بە 964ی راگەیاند، لە رێگەی ئۆفیسەکانی کۆمیسۆن لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، تۆماری بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی ساڵی 2008دەکرێت، بۆ ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن.
وتیشی، بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و تۆماری بایەعی وەرگیراون، ژمارەی لەدایکبووانی 2008 لە عێراق یەک ملیۆن و 120 هەزار و 314 دەنگدەرن، لە هەرێمی کوردستانیش 114 هەزار و 807 دەنگدەرن.
جومان غەلای دەڵێت، ئەنجومەنی کۆمسیاران رەزامەندی لەسەر تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ لە لەدایکبووانی 2008 دەربڕیوە و بڕیاردراوە کارتی هەڵبژاردنیشیان بۆ چاپ بکرێت.