گوندێکی دوزخورماتوو

دوو کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کران

+964

سیروان خورشید-دوزخورماتوو

درەنگانێکی شەوی رابردوو لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە بە هاوکاری پۆلیسی دوزخوماتوو لە گوندی حەفریەی سەر بە ناحیەی سلێمانبەگی قەزاکە، دوو کەس بە تۆمەتی تیرۆر بە پێی مادەی 4ی تیرۆر دەستگیرکران، کە بڕیاری دەستگیرکردنیان هەبووە.

عەمید حوسێن عەلی بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی دوزخورماتوو بە964ی وت، “هێزێکی دژەتیرۆری عێراق تایبەت بە دەستگیرکردنی  دوو تیرۆریست لە شاری بەغداوە هاتوونەتە دوزخورماتوو، بە هاوکاری پۆلیس توانرا هەردوو کەس دەستگیر بکرێن، کە دانیشتووی گوندی حەفریەی سەر بە ناحیەی سلێمانبەگی قەزاکەن”.

وتیشی، “هەردوو تیرۆریست گەنجن و برای یەکن و لە نەتەوەی عەرەبن، تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵیدایەو لە ساڵی 2018ەوە بە پێی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام ئەوان هەڵهاتوون و ئەمشەو لە ژێر چاودێری چڕدا توانرا هەردووکیان دەستگیر بکرێن”.

راشیگەیاند، هەردوو کەسەکە دەستیان هەبووە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ساڵانی 2014 بۆ 2016ی سنوورەکە و هاوکاری چەکدارانی داعشیان کردووە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی دوزخورماتوو، دەیان تۆمەتباری دیکە، کە خەڵکی سنووری دوزخوماتوون و لە سەردەمی داعشدا دەستیان هەبووە لە کردەوە تیرۆرستیەکاندا، ناویان لای دژەتیرۆری عێراق تۆمارکراوە و بڕیارە سەرجەمیان دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

فەخری کەریم لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو

فەخری کەریم لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو