لە سنووری قەزای سیدەکان
چارەسەری گرفتی ئەو قوتابخانانەی سۆران دەکرێت کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتبوو
964+
فەرهاد حەسەن
پەروەردەی سۆران بڵاویکردەوە لەرێگەی لیژنەیەکەوە کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانە دەکرێت کە چەند قوتابخانەیەک سنووری قەزای سیدەکان بە هۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتبوو.
ئاماژە بەوەکراوە، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی خوێندن و زیانەکانی چەند ناوەندێکی خوێندن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی پەروەردەیی سەردانی هەردوو قوتابخانەی (پیرەکەی بنەڕەتی تێکەڵاو) و (گۆڕەشێری بنەڕەتی تێکەڵاو) لە دەڤەری سیدەکانیان کرد.
لە سەردانەکەدا زیان و کێشەکانی هەردوو قوتابخانەکە لەنزیکەوە بینران و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی شوێنەکە و کێشە و گرفتەکان کرا، جەختکرایەوە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ گرفتەکانیان لەپێناو بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن.
بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە چەند رۆژی رابردوو ئەم قوتابخانانە زیانی جۆراوجۆریان پێگەیشتبوو و بەهۆیەوە خوێندن تیایاندا وەستابوو.