هاتوچۆى راپەڕین:

“لەمەودوا دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە بڕاوە و بێ سەرەتاکاندا دەگرین و چاوپۆشى ناکەین”

964+

وریا فەتاح

هاتوچۆى راپەڕین پەیامێکى توندى بڵاوکردەوە و دەڵێت: لەمەودوا چاوپۆشى لە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و بڕاوەکان ناکەن و دەستیان بەسەردا دەگرن.

لە پەیامەکەدا هاتووە، ” دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێ‌سەرەتا و “بڕاوە” نەک تەنها سەرپێچییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە هیچ جۆرە چاوپۆشی و سازشێک لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ناکرێت. مەفرەزەکانمان راسپێردراون کە بە توندترین شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم سەرپێچییانەدا بکەن”.

​دەشڵێت: لێخوڕینی بێ مۆڵەت و دروستکردنی جەنجاڵی و بێزارکردنی خەڵک بە دەنگی نائاسایی، بەزاندنی سنووری ئازادیی گشتییە. ئێمە رێگە نادەین هیچ کەسێک لە ژێر پەردەی سەرکێشیدا ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە. “سەلامەتیی گشتی” هێڵی سوورە و هەر کەسێک بیبەزێنێت، رووبەڕووی سزایەکی قورس و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.

جەختیش دەکاتەوە کە پلانێکی تۆکمەیان لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان داڕشتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان و ناو شارەکان

“دڵسۆزیی ئێمە بۆ ئەم نیشتمانە و خەڵکەکەی، لە کردارەکانماندا دەبینرێتەوە. دڵنیابن لەپێناو چەسپاندنی ئارامی و سەلامەتیدا، هیچ هەوڵ و وزەیەک ناهێڵینەوە و درێغی ناکەین هەمیشە بەرچاو رونیمان داوە لە مەترسی سەرپێچیەکانی هاتووچۆ زیانەکانی بۆکۆمەڵگاو دەوڵەتیش”، هاتوچۆى راپەڕین وا دەڵێت.