دوێنێ شەو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

گەرووی هورمز؛ بەربەستی بەردەم رێککەوتن و گرێکوێرەیەکی جیهانی

شۆڕش قادری

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ فشارێکی کاتی نییە سەبارەت بە ئاگربەست یان رێککەوتن لەسەر وادەیەکی نوێ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، هەربۆیە هیچ کاتێک بۆ شەڕەکە نییە و پێویست بە پەلەکردن ناکات.

ترەمپ دەربارەی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، عێراقچی پیاوێکی زیرەکە و پێشبینی دەکەم ئامادەبێت کاتێک گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکاتەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، بەرپرسانی پاکستان و ئەمریکا چاوڕێن موجتەبا خامنەیی رابەری تازەی ئێران لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا بێدەنگی بشکێنێت و شەڕەکە دەستپێناکاتەوە تا ئەوکاتەی دۆناڵد ترەمپ هەموو بژاردەکانی دیکە تاقی دەکاتەوە.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هەمیشە پێشوازی لە گفتوگۆ و رێککەوتن کردووە و لەسەر ئەو هەڵوێستەش بەردەوامە، دەشڵێت، پێشێلکردنی بەڵێنەکان، سەپاندنی گەمارۆ و بەکارهێنانی هەڕەشە، بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم هەر دانوستانێکی راستەقینەن.

محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز لەگەڵ بوونی پێشێلکارییە زەقەکانی ئاگربەستدا شتێکی مەحاڵە و تاکە چارەسەریش قبوڵکردنی مافەکانی گەلی ئێرانە.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا لە گەرووی هورمز گرتووە کە سەربە ئیسرائیلن و ڤیدیۆی ساتی دەستبەسەرداگرتنەکەشی بڵاوکردەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە تێپەڕبوونی چەند کەشتییەکی بازرگانی بە ناو گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران دەکەن و دەڵێت، تائێستا 29 کەشتییان ناچار بە گەڕانەوە کردووە.

لە زاخۆ 72 کەس کە زۆربەیان گەنج و دوکاندار بوون، بەهۆی خواردنی خواردنگەیەک ژەهراوی بوون، ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ بە 964ـی وت، زۆربەیان چارەسەر کراون و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە نەک تەنیا سەرپێچییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە بۆ لەمەودوا هیچ جۆرە چاوپۆشی و سازشێک لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ناکرێت.

رۆژئاواى کوردستان خۆى بۆ وەرزى دروێنە ئامادە دەکات و خاوەن دەڕاسەکانیش دەڵێن، گرفتارن بەدەست بەرزبوونەوەى نرخى گاز و سووتەمەنى.

بەقسەی سیروان مستەفا، شارەزا لە بواری نەوت، عێراق پێش جەنگ رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە.