سێ هەزار خێزان سوودمەند دەبوون
یونسێف پێگەیاندنی ئاوی بە ئاوارەکانی کەمپی شەهبا راگرت
964+
ئەحمەد مستەفا
بە گوێرەی میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستان، رێکخراوی یونسێف ئەو هاوکارییە رۆژانەی بچڕاند، کە ئاوی خواردنەوەی بۆ تانکییە پلاستیکەکانی ئاوارەکانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا دابین دەکرد.
تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی، لە ساڵی 2018 عەفرینی- یان داگیرکرد، خەڵکی ناوچەکە ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون ئەوکات رێکخراوی یونسێف- ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیکرد بە دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە سەرجەم قەزا و گوندەکان و کەمپی ئاوارەکان.
ساڵی 2021 هاوکاری گوندەکانی راگرت، ئەمساڵیش لە 15.2.2024 وە قۆناغ بە قۆناغ ئاوی خواردنەوەی بۆ کەمپەکانیش بچڕاند، ئەو ئاوەی دابیندەکرا بەم جۆرە بوو، 300 هەزار لیتر بۆ کەمپی سەردەم، 280 هەزار لیتری بۆ کەمپی بەرخۆدان، 45 هەزار لیتری بۆ کەمپی عەفرین و ئەلشەهبا و ئەلعەودە، ئەم بڕانە لە وەرزی زستاندا تەرخاندەکرا، لە کاتێکدا بڕی ئاوەکە لە هاویندا زیادیکردووە بۆ 950 هەزار لیتر.
ئاژانسی هاوار نیوز، میدیایەکە رووماڵی رۆژەڤی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەندامێکی شارەوانیی کەمپی بەرخۆدان، بەناوی لیلاف شێخۆ قسەی بۆ کردووە و دەڵێت، ئێمە رووبەڕووی چەندین سەختی دەبینەوە، چونکە ئاو هێڵی ژیانە، بڕینی ئاویش دەبێتە هۆی چەندین قەیران و کارەسات، یەکێکە لە زیادبوونی نەخۆشییەکان.
ئەو ئەندامەی شارەوانی دەڵێت، ئەوان هێندە توانایان هەیە تا هاوین بە تانکەر ئاو بۆ کەمپەکان دابین بکەن، بەڵام لە هاویندا رووبەڕووی کێشەی زیاتر دەبینەوە، وتیشی، ئەمە ئازارەکانمان زیاتر دەکات، دەبوو یونسێف بەردەوام بێت لە کارەکانی و ئاوی لە ئێمە نەپچڕاندایە.
بە گوێری دەستەی ئاماری کانتۆنی شەهبا بێت، لەناو کەمپ و گوندەکاندا زیاتر لە سێ هەزار خێزانی ئاوارەی عەفرین سوودیان لە هاوکارییەکە بینیوە، جگە لەوەی رێکخراوەکە بە گوێرەی تایبەتمەندی ئەرکەکەی، خزمەتگوزاری پێشکەش بە منداڵان کردووە و ئەوەش بە تەواوی راگیراوە.
رێکخراوی یونسێف تائێستا هیچ روونکردنەوەی لەسەر بڕیای راگرتنی ئاوی کەمپەکانی شەهبا نەداوە، بەڵام میدیای خۆجێی دەڵێت، ئەوە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی راگرتنی یارمەتییە مرۆییەکانە کە پێشتریش رێکخراوی WFP هاوکارییەکانی راگرت و توانای دارایی بە سنووردار پێناسە کرد.