90 ئامێریش بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابیندەکرێت

بەغدا پەرە بە سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلەی هەولێر و سۆران دەدات

فەرهاد حەسەن

تەندروستی هەولێر بڵاویکردەوە شاندێکیان لە بەغدایە بۆ ئەوەی بە هاوکاری تەندروستی ئەوێ پەرە بە سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە لە هەولێر و سۆران بدرێت و دەشڵێت 90 ئامێری شوشتنەوەش بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابین دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، شاندەکەیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی چارەسەری نەخۆشانی سستی گورچیلە و بەهێزکردنی کارایی ناوەندەکانی دیالیزە سەردانی بەغدایان کردوووە و بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری هونەری وەزارەتی تەندروستی عێراقیان بینیوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا  تاوتوێی میکانیزمی پەرەپێدانی سەنتەرەکانی دیالیزە (شوشتنی گورچیلە)، بەهێزکردنی ئامادەباشی ئەو ناوەندانە کراوە، لەگەڵ دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشانی سیستی گورچیلە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکانی پێشکەش بەنەخۆشان.

دەڵێت، ئەم سەردانە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەرکردنی شوشتنی گورچیلە لە سەنتەرەکانی سنوری شاری هەولێر و سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پێشخستنی کارەکانیانە بەشێوەی  فراوانتر و هەنگاوی نوێی گرێبەست بۆ 90 ئامێری دیکەی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی رزگاری بۆ ئەوەی بخرێتە خزمەت هاوڵاتیان و فەراهەم بکرێت.