ئێران و ئەمریکا
بابەتەکە نێوەندگیرییە
لە دۆحە گفتوگۆی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەناچێ
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، شاندە ئەمریکییەکە تەنیا لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری کۆدەبنەوە و هیچ جۆرە دانیشتن یان کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا لە ئارادا نییە.
بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەت، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر وەک شاندی دانوستانکاری ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر تاوتوێی میکانیزم و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان دەکەن.
ئەمەلەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە و ئەمڕۆ لە دەوحە بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەی دەوحە ڕەنگە گرنگ بێت، دواتر بۆمان دەردەکەوێت.
مەجید ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر وتی، پرسی گەرووی هورمز و کردنەوەی و دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی تێیدا لە پێشینەی کارەکانیدایە، قەتەر هەماهەنگی لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان دەکات بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان، گرنگترین شت دەستەبەرکردنی کەشتیوانی و لابردنی مینەکانە لە گەرووەکە.
ئازادی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز مافێکی مسۆگەرکراوە بۆ هەموو دەوڵەتانی کەنداو، داخستنی گەرووەکە یان مەترسی لەسەر سەلامەتی کەشتیوانی تێیدا قبوڵ ناکرێت، ئێستا هێڵێکی پەیوەندی راستەوخۆ بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن هەیە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییانە، ئەنساری وای وت.