بەڵێنی چاککردنی دراوە

كارێزێك لە کەمپی کۆنی زانكۆی سلێمانی تەقیووە

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

كارێزێك لەناو كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی تەقیووە، ئاوەكەی دەڕژێتە ناو مەنهۆڵەكانەوە و بە وتەی شایەتحاڵەكان لە سەرەتایی وەرزی بەهارەوە، بەم جۆرە ئاوەکەی دەڕوات و سوودی لێ نابینرێت.

ئاوی كارێزەكە كەم نییە و چەند ئینجێك زیاترە و لە ناو حەوزێكەوە دێتە دەر، لەكاتێكدا زۆربەی گەڕەكەكانی سلێمانی لەم كاتەدا بێ ئاون، بەڵام ئەو ئاوە سازگارە بەم شێوەیە بەفیڕۆ دەچێت.

لەبارەی بەفیڕۆچوونی ئاوی كارێزەكەوە، یۆهان عوسمان وتەبێژی زانكۆی سلێمانی بە 964ی وت، تیمێكی تەكنیكی باشمان لەناو زانكۆی سلێمانی هەیە، ئاگادار نیم بۆچی ئەو ئاوە بەو شێوەیە دەڕوات و چۆن سوودی لێ وەرنەگیراوە.

وتەبێژی زانكۆی سلێمانی داوای لە پەیامنێری 964 كردووە، ڤیدیۆی كارێزەكەی بۆ بنێرێت تاوەكو تیمەكانی زانكۆی سلێمانی لێ ئاگادار بكاتەوە و دڵنیایی دا كە هەر زوو كاری لەسەر دەكرێت و چارەسەری بەفیڕۆچوونی ئاوی كارێزەكە دەكەن.

پێداچوونەوە: هەژان هادی