تیمێک سەرقاڵی پاککردنەوەی عەلوەی هەولێرن.
رۆژانی هەینی دەشۆرێت
هەموو رۆژێک پێنج تۆن زبڵ لە عەلوەی هەولێر هەڵدەگیرێتەوە
964+
فەهمی نەبی
عەلوەی هەولێر لە هەفتەیەکدا تەنیا 12 کاتژمێر دەرگاکەی دادەخرێت، ئێوارەی رۆژەکانی تر دەیان کرێکار سەرقاڵی لابردنی پاشماوەی سەوزە و میوەی فڕیدراو دەبن، هەر رۆژێک نزیکەی پێنج تۆن زبڵ و پاشماوەی سەوزە لەو عەلوەیە هەڵدەگیرێتەوە.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر بە 964ی وت، هەموو رۆژێک عەلوەی هەولێر پێویستی بە پاککردنەوە هەیە، رۆژانە دەیان کرێکار پاشماوەی ئەو سەوزە و میوەیە هەڵدەگرنەوە کە فڕێدەدرێت، رۆژی وا هەیە دەیان تۆن پاشماوەی سەوزە یان میوە فڕێدەدرێت بەتایبەت ئەو کاتانەی بەکەڵکی خواردن نامێنن و خاوەنەکەی فڕێی دەدات.
بەوتەی ژیار جەلال، رۆژانی هەینی 20 کرێکار بە دوو تانکەر کە چەند جارێک پڕ دەکرێتەوە هەموو عەلوەی هەولێر دەشۆن، بەشێک لە شوێنەکان بەجۆرێک پیس دەکرێن تەنیا بەهێزی ئاو پاک دەکرێتەوە، جگە لەوەی ئەو زبڵەی هەڵدەگیرێتەوە راستەوخۆ دەبرێتە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە.
عەلوەی هەولێر لەسەر رێگای موسڵ لە بەشی رۆژئاوای شاری هەولێرە.