دیمەنێک لە شاری کەرکوک- وێنە: 964
"ناوی خاوەن زەوییان گۆڕیوە"
سێ فەرمانبەری شارەوانیی کەرکوک بە چوار ساڵ زیندانی سزادران
ئەحمەد مستەفا
دادگای تاوانەکانی کەرکوک، سزای بەندکردنی توندی بۆ ماوەی چوار ساڵ بەسەر سێ فەرمانبەری بەشی موڵکایەتیی شارەوانی کەرکوکدا سەپاند.
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فەرمانبەرە سزادراوەکان بە دەستکارییکردنی نوسراوەکانی تەرخانکردنی پارچە زەوییەکان تۆمەتبار کراون.
لە راگەیەندراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی دادوەری هاتووە، تۆمەتبارەکان بە سڕینەوە و رەشنووسکردنەوەی بەڵگەنامەکان، ناوی کەسانی شایستەیان گۆڕیوە و ناوی کەسانی دیکەیان لە شوێنیان داناوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاندووە، ئەم حوکمە لەسەر بنەمای حوکمەکانی بڕیاری (160/ دووەم / 1 – بڕگەی یەکەم)ی ساڵی 1983، و بە هاوبەشی لەگەڵ ماددەکانی بەشداریکردن (47، 48و 49) و بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (132/ 3) لە یاسای سزاداندا دەرچووە.